پرسیارە باوەکان

هەموو شتێک کە پێویستە بیزانیت
ئایا دەتوانم داواکارى حەج پێشکەش بکەم بەبێ ڤاکسین؟

بەڵێ دەتوانی داواکاری پێشکەش بکەیت، بەڵام دەبێت لەکاتى گەشت کردن سێ جۆر ڤاکسین وەربگرێت.

    ئایا پاسپۆرت یان پێناسی دیجیتاڵیم نەبێت دەتوانم داواکارى حەج پێشکەش بکەم؟

    نەخێر، پێویستە هەڵگری پاسپۆرتى عێراقی و خاوەنی پێناسی دیجیتاڵی بیت، بۆ پێشکەشکردنی داواکاری حەج.

      ئایا پێویستە ژمارەى مۆبایلم هەبێت؟

      بەڵێ پێویستە ژمارە مۆبایلت هەبێت و ژمارەکە کارا بێت بۆ وەرگرتنی کۆدی پشتڕاستکردنەوە.

        ئایا دوو ئافرەت یان دوو پیاو دەتوانن بەیەکەوە داواکاری حەج پێشکەش بکەن؟

        نەخێر، دوو ئافرەت یان دوو پیاو ناتوانن بەیەکەوە داواکارى حەج پێشکەش بکەن، بۆ زانیاری دەربارەی پۆلێنە جیاوازەکانی حەج ڕێنماییەکان بە وردی بخوێنەرەوە.

          ئایا دەتوانم زیاتر لە داواکارییەک بۆ حەج پێشکەش بکەم لەگەڵ زیاتر لە مەحرەمێک لە پۆلێنی (ئافرەت لەگەڵ مەحرەم) ؟ بە نموونە، جارێک لەگەڵ هاوسەرم وە جارێکیش لەگەڵ دایکم؟

          نەخێر، هەر داواکارێک ناتوانێت لە داواکارییەک زیاتری هەبێت. بەڵام دەکرێت لە پۆلێنی سیانی پیاوێک لەگەڵ دوو مەحرەمدا داواکارییەک پێشکەش بکەن.

            ئایا ئافرەت لە تەمەنی چەند ساڵی دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات؟

            لە پۆلێنی ئافرەت بەتەنها پێویستە تەمەنی لە ٤٥ ساڵ کەمتر نەبێت، بەڵام لە پۆلێنەکانی تر لە تەمەنی ١٨ ساڵ بەرەوسەر دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات.

              ئایا ئەگەر ناوم دەرچوو لە تیروپشک دەتوانم لەجێدانان (سازش) بکەم بۆ کەسێکى تر؟

              نەخێر، ئەمساڵ بە هیچ جۆرێک لەجێدانان (سازش) بۆ کەسێکى تر ناکرێت، تەنها لە کاتى بوونى دۆخێکی لە ناکاو وەک (نەخۆشی، مردن) بە پشتبەستن بە راپۆرتى پزیشکى و بەڵگەنامەى فەرمى، بە پێچەوانەوە کەسێکی تر لە لیستی یەدەگ شوێنت دەگرێتەوە.

                ئایا لە بارودۆخی شیاو بۆ سازشکردن، دەتوانم سازش بکەم بۆ کەسێک کە پلەی خزمایەتی نزیکمان نەبێت؟

                نەخێر ناکرێت، سازش تەنها بۆ کەسی پلەیەک دەکرێت.

                  ئایا ئەگەر ناوم دەرچوو لە تیروپشک دەتوانم دواخستن بکەم بۆ ساڵێکی تر؟

                  نەخێر، ئەمساڵ بە هیچ جۆرێک دواخستن بۆ ساڵێکی تر ناکرێت، تەنها لە کاتى بوونى دۆخێکی لە ناکاوی وەک نەخۆشی، بە پشتبەستن بە راپۆرتى پزیشکى و بەڵگەنامەى فەرمى، بە پێچەوانەوە کەسێکی تر لە لیستی یەدەگ شوێنت دەگرێتەوە.

                    ئایا جۆری حەجى بازرگانى هەیە بۆ ئەمساڵ؟

                    نەخێر، بۆ ئەمساڵ حەجی بازرگانی بەردەست نابێت.

                      ئایا خزمەتگوزارییەکانى تێچووى حەج چین؟

                      بە شێوەیەکی گشتی تێچووی حەج ئەم خزمەتگوزاریانە لەخۆ دەگرێت:

                      • دابین کردنى ڤیزا.

                      • تکتی فرۆکەى چوون و هاتن.

                      • کرێی پاس ئەو هاووڵاتیانەى بە ڕێگاى وشکانى گەشتەکە ئەنجام دەدەن.

                      • شوێنی مانەوە و سێ ژەم خواردن لە هەردوو شاری مەککە و مەدینەی پیرۆز.

                      • کرێی تێچووى خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان وەکو دەرمان و ئۆتۆمبێلى گواستنەوەى نەخۆش.

                      • خزمەتگوزارى مەشاعیرەکان.

                      • عەرەفە: (خێوەت، دۆشەک، خواردن و خواردنەوە، کرێی هاتووچۆ).

                      • مینا (منى) مانەوە بۆ ماوەى دوو شەو و سێ رۆژ (خێوەت، دۆشەک، خواردن و خواردنەوە).

                      • کرێی چوون و هاتنى حاجییان لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان لە نێوان شار و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ هەردوو فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى (هەولێر و سلێمانى).

                      • کرێی چوون و هاتنى حاجییان لە ووڵاتى عەرەبستانى سعودی لە نێوان شارى (مەککە و مەدینەی پیرۆز) و نێوان مەشاعیرەکان.

                      ئایا پاسپۆرتى بیانى دەتوانێت داواکارى حەج پێشکەش بکات؟

                      نەخێر، ناتوانێت داواکاری حەج پێشکەش بکات، پێویستە داواکار هەڵگری پاسپۆرت و کارتی نیشتیمانی عێرا‌‌قی بێت.

                        ئایا منداڵ دەتوانێت ناوی تۆمار بکرێت لەگەڵ دایک و باوک؟

                        نەخێر، منداڵ ناتوانێت فۆرمی داواکاری حەج پڕ بکاتەوە ئەگەر هاتوو تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمتر بێت.

                          دانیشتووانى دەرەوەى هەرێم دەتوانن داواکارى حەج پێشکەش بکەن؟

                          نەخێر، پێویستە داواکار دانیشتووى هەرێمى کوردستان بێت.

                            ئایا دەتوانم بە ئارەزووى خۆم شێوازى گەشتەکەم دیاری بکەم واتە (ڕێگاى وشکانى یان ئاسمانى)؟

                            بەڵێ، ئارەزوومەندانەیە بەڵام ڕێژەکەیان سنووردارە و لە کاتى مامەڵەکردنى گەشت لە نووسینگەى حەج وعومڕەى پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دیارى دەکرێت.

                              دەروازەی
                              حەج
                              info@hajj.gov.krd© 2025 - حکومەتی هەرێمی كوردستان | فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری